دەسپێک: 

بێگومان بیردۆزی ئیلحاد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زیاتر لە هەر کاتێک جیهانی ڕووبەڕووی قەیران و مەترسیەکی گەورە کردۆتەوە، هەڵبەت ئەوەندەی مەترسی لەسەر بیر و هزر و ئایندەی مرۆڤ وەک تاک هەیە، ئەوەندە کێشە و گرفتی بۆ دیین نییە!، خۆی ئەم کێشەیە وەک ڤایڕۆس مرۆڤی سەردەمی تووشی نەخۆشی خەمۆکی، بێ هیوایی و داڕمانی ناخ و ڕوح کردووە کە لە پشتی ئەم بازنە فراوانە ڕێکخراوی تەبشیری و جوولەکە بوونی هەیە. مەخابن! لەگەڵ سەر هەڵدان و پەیدابوونی هەژموونی تەکنەلۆژیا بە گشتی و شوشیاڵ میدیا بە تایبتی باشترین سەکۆ بۆ هەڵگرانی بیردۆزی ئیلحاد لەبەر دەست دایە بۆ ئەوە کە ئامانجی خۆیان بخەنە ڕوو کە کاریگەری نەرێنی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە. بە هۆی ئەوە کە بیر و هزری ئیلحاد بەها باڵاکان هەڵ  دەتەکێنێت و ڕێسا و یاسای بیرکردنەوە و تێگەیشتن دەشێوێنێ و بە ئاشکرا بانگەوازی بۆ بێهودەیی و گاڵتەجاری ژیان دەکات. ئەم دۆخە پڕ لە مەترسییە پێویستی بە چارەسەر و هەڵوەستەکردنی خێرا و زیاترە...

پرسیار: دوور و نزیک بەڕێز موراد یووسفی وەک: نووسەر و وەرگێڕ دەناسن، تکایە بفەرموون چۆن ئەم ڕێگایەتان گرتەپێش؟ بفەرموون تا ئێستا چەند کتێبی بەرێزتان چاپ و بڵاو بوونەتەوە؟ 

وڵام: ساڵی {١٣٨٨} هەتاوی بەرانبەر بە {۲۰۰۹ ز } چوومە زانکۆ، ئەگەر چی گەنجێکی نوێژخوێن و دیندار بووم بەڵام زانیارییەکی زۆرم نەبوو، وردەوردە هەستم بە بۆشاییەک لە ئیمانەکەمدا دەکرد و بۆم دەرکەوت بۆ تێگەیشتن لە دین پێویستم بە بەلگەیە، داخوازییەکی زۆریش نەبوو بەڵکوو دەمویست ئیمانەکەم لە بەڵگە و یەقین سەرچاوەی گرتبێ. هەڵبەت لە دونیای ئەمڕۆدا هەر کەس بچوکترین بانگەشەی ئیمانداریی بکات دەبێ بتوانێ  باوەڕەکانی خۆی بسەلمێنێت، لەبەر ئەوەی کە من متمانەم بە خۆم هەبوو بە پێی توانا بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکان خۆم ماندوو دەکرد. لەڕاستیدا کاتێک تێرمی سێهەم و چوارەمی زانکۆ بووم لەمەر ڕوونکردنەوەی دڕدۆنگی و گومانی ئیمانی گەنج و لاوانی هاوپۆلی زانکۆ هەستم بە بۆشاییەکی گەورە و مەترسییەکی ناخهەژێن کرد، بۆیە بریارمدا بۆ توێژینەوە لەمەڕ بیردۆزی ئیلحاد. لەڕاستیدا لەسەردەمی قۆناغی تێپەڕکردنی کارناسی باڵا، یەکێک لە سەرەکیترین رێڕەوی ژیانی من وتووێژ لەگەڵ ئەو کەسانە بوو کە دەیانویست ئیمانی گەنجانی موسڵمان بخەنە مەترسی، لەو کاتەوە تا ئێستا شەو و ڕۆژم خستە سەر یەک و لە گرووپ و لاپەڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا خەریکی وڵامدانەوە بووم و شوکر بۆ خوا لەم سۆنگەیەشەوە خەرمانی زەحمەت و تێکۆشانم ئەم کتێبانەی خوارەوەن. 

یەکەم : الحاد نوین و باطلاق رنگین { ۳ } جلد چاپ شدە. 

دووەم: جلد چهار " الحاد نوین و باطلاق رنگین  " زیر چاپ. 

سوم: جلد پنج "الحاد نوین و باطلاق رنگین" در حال اتمام شدن است. 

چهارم:  کتاب الحاد نوین و باطلاق رنگین با نام: "زڵکاوی ڕەنگاڵەکان" ئێستا بە زمانی کوردی وەرگێردراوەتەوە بەرەو چاپ بوون دەروات. 

پێنجەم: {قرآن و علم تضاد یا تطابق} قوڕئان و زانست پێکەوە دەسازێن. 

شەشەم: {منزە است کلام خدا} پاک و بێگەردە کەڵامی خودا.

پرسیار: لەگەڵ ئەوەدا کە پسپۆڕی و کارامەیی بەڕێزتان پێوەندی بە زانستی ئیسلامی نەبوو، تکایە بفەرموون چۆن بوو هۆگری نووسینی کتێبی "الحاد و نوین و باطلاق رنگین" بوون، کێ پاڵنەر و هاندەری ئێوە بوو؟ 

وڵام: لەڕاستیدا کتێبی "الحاد نوین و باطلاق رنگین" و کتێبەکانی تر هەنگاوێکن بۆ هۆشیاری گەنج و لاوی کۆمەڵگەی ئیسڵامی،  من پێم وایە ئەم هەوڵە نە یەکەمین هەنگاوە و نە باشترین هەنگاو، بێگومان ناتوانین بڵێن هەڵەی تێدا نییە یان خود ئیتر پێویستی بە زەحمەت و ماندووبوونی زیاتر نییە؛ بەڵام دەتوانم بە ڕاشکاوانە بڵێم ئەوەیە کە تەنیا مەبەستم ڕەددانەوەی وتەی بێباوەڕان و بەرگری لە هڵگەڕانەوەی گەنجانی مسوڵمان بووە، هیواخوازم ئەم کتێبە و کتێبگەڵی لەم چەشنە گەنجانی ئێمە لە زۆنگاوی ڕەنگاوڕەنگی ئیلحادی نوێ بپارێزێت. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی وڵامەکە سێ خاڵ دەخەمە ڕوو. 

یەکەم: ئەگەر لە کاتی مەلەکردن لەناو ڕووبارێکدا کەسێک خەریک بێت نووقم بێ، تەواوی ئەو کەسانەی لەوێ بەشدارن تێدەکۆشن کە لە نووقم بوون ڕزگاری بکەن.

بێگومان ئەوانەی مەلە دەزانن خۆیان لە ئاو دەدەن و ئەوانەی مەلەی نازانن هەوڵ دەدەن مەلەوانێک بدۆزنەوە یان تەنانەت تێ دەکۆشن بە دارێک یا شتێک ئەو کەسە ڕزگار بکەن. 

بەڵام وا بیر ناکەمەوە کە هیچ کەسێکی بەویژدان لەوێ بێ هەست بێت، وەک بڵێی هیچ ڕووی نەدابێت.

کار و چالاکی منیش بەم شێوەیە، کاتێک دەبینم لەپێش چاوی من بە «فێڵ» و «تەڵەکە» و «هەڵەنیشاندان» دەیانەوێت گەنجانی مسوڵمان بەرەو هەڵدێری هەڵگەڕانەوە و بێباوەڕی ببەن چۆن دەتوانم بێخەم بم و بڵێم پسپۆڕی من ئەمە نییە و لێی گەڕێ با کەسی پسپۆڕی ئەم بابەتە هەنگاو بنێن.! گومان لەوەدا نییە ئەگەر هەموو خوێندەوارانی کۆمەڵگە ئەم ڕوانگەیان هەبا ئێستا هیچ کێشەیەکمان نەدەبوو. تەنانەت ئەم ڕوانگەیە لە لایەن پێغەمبەری ڕێزدار (د.خ) لەسەر بێت فێر کراوە لەو شوێنە کە دەفەرمووێت: «كُلُّكُمْ رَاعٍ وَكُلُّكُمْ مسؤول عَنْ رَعِيَّتِهِ» واتا: هەمووتان وەکوو شوانن و لە بەرانبەر یەکتردا بەرپرسن. 

گەورەمان «هەستی بەرپرسیارەتی» یەک شوانی لەسەر کاروباری بۆ هەموو گەلی موسڵمانان داوا دەکات، کە ئەی خەڵکینە دەرهەق کار و ژیان و دین و بانگەواز هەستی بەرپرسیارەتیتان هەبێت. کاتێک کە دەفەرمێت:«هەمووتان بەرپرسن» ئەم بڕیارە گشتییە، خوێندەوارانی هەموو پسپۆڕییەکانی خوێندن بە «هەوڵ» و «کردەوە» بانگ دەکات. تا لە لایەن «ڕاستکردنەوە» و «ڕۆشەنگەری» هەوڵ بدەن. 

دووەم: لە دونیای ئەمڕۆدا کەسێک کە خوازیاری خوێندن و لێکۆڵینەوە بێت لە کاتێکی زۆر کەم دەتوانێت زانیارییەکی زۆر دەستەبەر بکات. ئێستا من هەزاران کتێبم لە کتێبخانەی سەر هێڵ (online)ی خۆم هەیە و بەڕاستی بیانووم بۆ لێنەکۆڵینەوەم نەماوە.

سێهەم: جودا لە تەواوی بابەتە وتراوەکان، باوەڕ بکەن بەسە کە هەستی بەرپرسیارەتی هەبێت، تەنانەت کەسێک کە خۆی بەرپرس بزانێت ئەگەر توێژینەوە و پسپۆری زانستی نەبێت، تێ دەکۆشێت لە کەسێکی پسپۆر بپرسێت و وەڵامە پێویستەکان بە کەسانی کێشەدار بگەیێنێت. 

ئەگەر موسڵمانەکان یەکگرتوو بن و کەسانی زانکۆیی کۆبوونەوەی تێگەیشتنی خۆیان بێننە گۆڕەپان و کەسانی ئایینیش زانستەکەی خۆیان بخەنەڕوو دەتوانین داهاتوویەکی زۆر پڕبایەخمان هەبێت و هەر گومانێک لەناو بەرین.

پرسیار: تکایە بە کورتی پێناسەی مێژووی ئیلحاد بکەن، کاریگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی ئیلحاد لەنێو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگەدا چۆن دەبینن؟ 

وڵام: لەڕاستیدا بێ باوەری دیاردەیەکی تازە نییە بەدرێژایی مێژوو هەبووە و ئێستاش بوونی هەیە و بێگومان لە داهاتوودا هەر دەبێ. لەسەر دەمی پێغەمبەر " د.خ" ئەوانەی دژی دین بوون و وەک: بێ باوەر لە مەککە دژی ئایین هەستان و بەرەنگاری بوونەوە خزمانی نزیکی پێغەمبەر "د.خ" بوون. مەخابن! ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات دیاردەیەکی تازەیە کە وەکوو ئەومان لە مێژوودا نەبینیوە. تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێڕای خزمەتکردنی بە کۆمەڵگە، یەکێک لە گەورەترین کێشەی ئەوەیە کە بۆتە جێگەی ڕاپەڕین و سکۆی چەواشەکاری بیردۆزی ئیلحاد. ئەوەش گەورەترین مەترسییە لەسەر خێزان بە گشتی و تاک بە تایبەتی! واتە لە ڕابردوودا بیردۆزی ئیلحاد و بێباوەری لە هەندێ بارودۆخی زۆر تایبەتدا دوانگەیان هەبوو، بەڵام ئێستا گشتگیر بووە و مەترسی زیاتر بووە بۆ سەر کۆمەڵگە. بۆ نموونە فەرموودەیێک لاواز کە لە کتێبەکانی حەدیس بوونی هەیە، زانایانی موسڵمان بەبێ ئەوەی کە ئاگاداری سەدەکانی داهاتوو بن و بزانن کە ڕۆژێک تەکنەلۆژیا لەم ئاستەدا دەبێت فەرموودەکەیان بە زانستی فەرموودەناسی ڕەتکردووە، بەڵام ئێستا دوژمنانی ئیسلام ڕایدەگوازن و بەشانازییەوە دەڵێن ئەمە وتەی پێغەمبەری ئیسلامە و بەردەوام گاڵتە بەم فەرموودە دەکەن! کاتێک پەیامیان بۆ دەنێرین و ڕوونی دەکەینەوە و دەڵێن کە: ئەم فەرموودەیە لاوازە و بۆچی بابەتی هەڵە بە خەڵک دەڵێن؟ هیچ سەرنجێک بە ڕووناکبیریی و ڕوونکردنەوەکان نادەن و بەردەوام هەمان بابەت بڵاو دەکەنەوە. هەر بەڕاست ئەمە چاوشەکاری نییە،؟ زۆر جار بە ئەنقەست تێگەیشتنێکی هەڵە لە ئایەی قوڕئان دەنوێنن. بۆیان شرۆڤە دەکەین کە ئەم تێگەیشتنە چەوتە، خۆی واتای ئایەکە هەر ئەمە نییە بەڵام دیسان بنەبڕ و قین‌ لە دڵانە قسەی خۆیان دووپاتە دەکەنەوە، ئایا ئەم کەسانە شایەنی ئەوەنە سەکۆی قسەکردنیان هەبێت؟ بێگومان نەخێر.

پرسیار: وەک نووسەر و بانگخوازێک لەم گۆڕەپانەدا بفەرموون چۆن بتوانین ڕووبەڕووی ئیلحاد بوەستین، ڕێگاکانی چارەسەری و خۆپارێزی لە ئەم قۆناغە مەترسیدارە چیین؟

وڵام: بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆر بوونی بیردۆزی ئیلحاد و بێباوەری دەگرێتەوە سەر تەمبەڵی مرۆڤەکان بەرانبەر بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی بابەتەکان. لە دونیای ئەمڕۆدا تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەم بارودۆخەی ئێستا چڕبوونەوە لەسەر زانستە ئیسلامییەکانە. مەخابن! گەورەترین کێشەی گەنج و لاوی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە وا ڕاهاتووە خوێندەواری و زانستی ئایینی لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکان وەرگرێ، سەرەڕای ئەمەش توێژینەوە و وردبوونەوەی لەمەڕ بابەتەکە نییە کە ئاخۆ تا کوێ ئەم بابەتە ڕاستە یا خود هەڵەیە؛ بەمەش خۆمان باش دەزانین کە زۆر جار ڕووکەشی سادەی باسەکان مانای ڕاستەقینە و بنچینەیی نادەن بەدەستەوە کە قووڵایی باسەکە پێمان دەڵێن، دەرەنجامی ئەوەش ئەو مەترسییەی ئەمڕۆیە کە هەستی پێ دەکەین واتە دڕدۆنگی و بێباوەری خەڵکی ئەمڕۆ. لەمەشدا زۆر کەس کەوتۆتە هەڵەیەکی گەورە و لێ تێکچوونێکی ناپەسەندەوە، کە هەر بەو تۆزە زانیارییە کەمە ڕازی بووە و ورد نەبۆتەوە، ڕەنگە هەر خودی خۆشی ئەوە بزانێت کە قووڵبوونەوە تێیدا ڕەنگە لە قازانجی ئارەزووەکانی نەبێت، تووشی قەید و بەندی بکات، پابەندی بکات بە ئایین و بەرنامە خواییەکانەوە. خاوەنی ئەم تێڕوانینە سەر پێیەش زۆر جار کەسێکی تەمبەڵی ئارەزووبازە و حەوسەڵەی قووڵبوونەوەی لە بابەتە فیکرییەکاندا نییە. خۆ ئەگەر هاتبا ئەم خاوەن بیروبۆچوونە ئیلحادییە، تێڕوانینێکی ورد و قاڵی لەسەر ئیسلام کردبا و بە شوێن بەڵگەکاندا چووبا، بێگومان سەری لە مەزرایەکی باوەڕداری و پلەیەکی بەرزی ئیمانیدا دەردێنا و لە سەراپای شنە و جوانییەکان تێدەگەیشت. شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە ئێمە هێزی ئەوەمان نییە کە پێش لە چالاکی هەڵگری بیردۆزی ئیلحاد بینەوە، ڕەنگە لەبواری شوشیال میدیا و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان وەک خۆی نەتوانین بەرپرچی ئەوان بدەینەوە، ئەوانیش وەکوو ئێمە لەو ئامێرانە کەڵک وەردەگرن. کەواتە گۆڕانی بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگەی موسڵمانان لە توانای کەسانێکی وەکوو ئێمەدا نییە و پێویستی بە ویستی نێودەوڵەتی و سەرۆکەکانی وڵاتانی موسڵمانە. 

بەڵام بەسە کە لاوەکانی ئێمە ئاستی زانستی خۆیان ببەنە سەر، ئاگادار بن و بزانن دینەکەیان چ دەڵێت ئەگەر بزانن قسەی دژە ئیسلامەکان چییە و وڵامی موسڵمانانی لێکۆڵەر چییە دڵنیا بن دژە ئیسلامەکان بە هیچ شێوەیەک تازە ناتوانن ئەسپی فرت و فێڵی خۆیان لە گۆڕەپانی نەزانینی گەنجەکانمان تاو بدەن.

پرسیار: لەو بەستێنەدا ئەوانەی زۆرترین کاریگەری دەروونی و مەعنەوی لەسەر بەڕێزتان هەبووە کێ بوون، ئایا کاریگەری ئەرینی هەبووە، ئەگەر هەبووە چ کەسانێک بوون؟ 

وڵام: جگە لە چینی پێغەمبەرانی خوا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ خوای گەورە هەبووە و ئەرکی خۆیان وەرگرتووە، پێم وانییە لە گۆی زەویدا کەسێکی ڕووناکبیر هەبێ و کاریگەری لە کەسێکی تر وەرنەگرتبێ! 

من زۆرجار کەوتوومەتە ژێر کاریگەری کەسانی دژ بە ئیسلام و هەروەها ئەوانەش کە  لایەنگرانی ئیسلامن. پێشەکی باسی نەیارانی ئیسلام دەخەمە ڕوو ڕەنگبێ بۆ خوێنەرانی ئازیز دڵگیرتربێت، چەند ساڵانێک پێشتر باس و وتووێژ لە ڕێگەی ئینتەرنێت ببوو بە گرنگترین کار و چالاکی من و لەو پێیەدا  لەگەڵ زۆر کەس وتووێژم کردووە! کاتێک دەمدیت لە چوارچێوەی چەواشەکاری و ڕاستی گۆڕیندا ئیسلامی ئازیزم چۆن دەکرا ئامانجی بێ ڕێزی و تانەو تەشەر! کاتێک دەمدیت پۆلێک گەنجی ناشارەزا لە ئایین چەپڵەیان بۆ لێدەدان و دەستەواژەی ڕۆشنبیریان بۆخۆیان هەڵبژاردووە، ئەوەش لە حاڵێکدایە هیچ شارەزاییان سەبارەت بە ئایینی ئیسلام نییە. 

کاتێک دەمدیت نەیارانی ئیسلام لاوانی باوەڕمەند و پارێزکاریان بە هۆی نەبوونی بەڵگە دەخستە ژێر گوشار و هەڵپێچان! 

کاتێک دەمدیت نەیارانی ئیسلام بە کۆمەڵ پشتگیری یەکتریان دەکرد و قسەی یەکتریان پەسند دەکرد، و بەڵگەی درووستی بڕوادارانیان دەخستە بەر پەلاماری خۆیان و زۆرێک لە دیمەنانی تر! هەمووی ئەمانە لەگەڵ عیزەتی منی بڕوادار ناکۆک بوون، نەمدەتوانی ئەو بارودۆخەی ببینم و پێ لەسەر پێ دابنێم، لەبەر ئەوە بە پشتیوانی خوای گەورە لەو ڕێیەدا(پوچەڵکردنەوەی گومانەکان) هەنگاوم نا. لەناخمدا بە خۆم کووت بۆ ئەو گەنجە بڕوادارنەی کە ڕووبەڕووی دژەئیسلامەکان دەبنەوە و شەڕی بیرۆکە دەکەن سیلاحی بیر و ئەندیشە بەدی بێنم، سوپاس بۆ خوا بە تێکۆشانی شەو و ڕۆژ چالاکیم دەست پێ کرد. 

بەڵام ئەو مسولمانانەی کە کاریگەریان لەسەرە من هەبووە، کۆمەڵێک مامۆستا و بانگخوازی ماندوویینەناسن کە بیر و هزری خۆم لە ئاسەواری وانڕا دەست پێکرد(خۆم بە قوتابی ئەوان دەزانم) کەسایەتی وەکوو بیرمەند موحەممەد قوتب، موستەفا حوسێنی تەباتەبایی، مۆڕتەزا مۆتەهەری، موستەفا مەحموود، بەشێک لە ماڵپەڕە ئیسلامییەکان کە لەبابەتی پووچەڵکردنەوەی گومان کاریان کردووە، تێکڕای ئەمانە هەست و بیرۆکەی منیان بۆ ڕەتدانەوەی گومانەکان بەهێز کرد.  

بەڵام چونکە خوێندنەوەی من لەهەموو بوارێک بوو، هەمیشە بە ڕوحێکی پرسۆک هەنگاوم ناوە، زۆر کات لە بینینی ڤیدیۆیێک چەن خاڵێکی گرینگم وەرگرتووە، یاخود مناڵێک کە قسەی کردووە یا لە وتووێژ و دمەتەقەیەک کە لە نێوانی چەند کەسێکدا ڕووی داوە. 

لەلایانی ئەخلاق و ڕەوشت پەیوەندیم لەگەڵ کەسایەتی باوەڕمند و دیندار هەبووە کە کاریگەری ئەرێنیان لەسەر ڕەوشتی من بووە و هەمیشە شانازییم بە هەبوونیان کردووە کە ڕەنگە ناوبردنی لێرە گونجاو نەبێت.

کۆتا پرسیار: وەک گەنجێکی دڵسۆز و خەمخۆر و توێژەر، پێشنیار و ڕاسپێری ئێوە چییە بۆ گەنجی ئەمڕۆیی؟ 

وڵام: ئامۆژگارییەکانی من گەلێ زۆرن و خۆ ئەگەر کەسێک کتێبەکانی منی خوێندبێتەوە، بێگومان بابەتگەڵی زۆری بەر چاو کەوتووە، بەڵام ئەو شتەی کە دەمەوێت بە پووختی لەم سەکۆیەوە ئاراستەی گەنجانی موسڵمانی بکەم ئەم دوو خاڵەیە:

یەکەم: ئەزیزانم! گۆڕستانەکان تەژیین لەو کەسانەی کە وەها بیریان دەکردەوە کە گەڕی گەردوون بەبێ ئەوان هەڵناسووڕێ!... سوێند بە خودای تاک و تەنیا لە دوای مەرگی ئێمەیش ژیانی مرۆڤەکان هەر بەردەوامە. ئەو کاتەی کە زانکۆم تەواو کرد، وەها بیرم دەکردەوە کە لەبەر ئەوەی من و هاوڕێیانم دەڕۆین ئیدی زانکۆ چۆڵ دەبێ... بەڵام لەپاش دوو ساڵ کە گەڕامەوە زانکۆ، بینیم نەوەی نوێ هاتووە کە وەک ئێمە خۆشحاڵن و خەریکی ڕێپێوانی قۆناغ و خولی خوێندنیانن! چاوەڕێ بووم لەبەر ئەوەی ئێمە ڕۆژگارێک لەم زانکۆیە بووین ڕێزی تایبەتمان لە بەرامبەر بنوێنن، بەڵام ئەسڵەن بۆیان گرنگ نەبوو و ئێمەیان نەدەناسی. ئەم نموونە ڕێک وەک ژیانی ئێمەی مرۆڤەکانە، ئێمە دەڕۆین و ئەوانی دی دێن... ئەو ژوورەی کە تێیدا دانیشتووم خودا دەزانێ ئاخۆ چ کەسانێکی دیکە تێیدا دەژین؛ منداڵەکانم، نەوەکانم و...! 

بەڕێزان خۆ ئەگەر ئەسڵ و بنچینە لەسەر مانەوە و نەمری بوو، سەرەی ئێمە نەدەهات و ئەوانەی پێش ئێمە دەمانەوە، بەڵام هەموو شتێک لە جووڵە دایە و ئێمە گەشتیارین... ئێستا لە دوای ئەم پێشەکییە، تکایە لەم خاڵەی خوارەوە وردببنەوە. مامۆستا ئەحمەد دیدات - ڕەحمەتی خوای لێبێت - لە شوێنێکدا دەفەرمووێت: {خۆ ئەگەر ئێمە ئیسلام وەلا بنێین، ئیسلام ڕێی خۆی دەبڕێت و هیچ کێشەیێکی نابێت، بەڵام ئێمە چارەنووسمان خەراپ دەبێت}. دەی کەوایە وەرن با قەدری ئیسلام زیاتر و زیاتر بزانین، ئەم ئایینی خودایی سپاردە و ئەمانەتێکی وەها بە نرخە کە خراوەتە ژێر ئیختیاری ئێمە، بێگومان هەر کەسێک بە بوونی ئەم کەرەستە بەهادارە، ژیانی دنیا و ئاخیرەت ئاوێزانی نوور نەکات، دووچاری خەسارەتێکی گەلێک زۆر و قەرەبوونەکراوە دەبێت، چونکە ژیان لەم دنیایە و هەڵی خۆ خۆشبەخت کردن، تەنها یەک جارە و ئەم ڕێیە گەڕانەوەی نییە... 

بۆیە گەر گومانتان هەبوو، حەتمەن بەدوای لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە بن لەپاشان بڕیار بدەن نەک هەر لە سەرەتاوە خۆبەدەستەوە بدەن، پاشان لێکۆڵینەوەی ”تاک‌لایەنە“ و ”هەڵەگرانە“ ئەنجام بدەن تاوەکوو ئەوەی کە لە دژی ئیسلام قەبووڵت کردووە بیسەلمێنیت! 

وەڵامدانەوەی گومانەکانی دوژمنانی ئیسلام بە کەسانی پسپۆڕ بسپێرن، چونکە وەڵامدانەوەی بێباوەڕان خوازیار و پێویستی بە خوێندنەوە و پسپۆڕی تایبەتی بە خۆییەتی. 

سەبارەتی بە خوای مەننان گومانی باشتان هەبێت و دڵنیا بن گەر وڵامی گومانێکتان نەزانی، لە بێ خەبەری خۆتانە و دینی پەروەردگار هیچ کێشەیێکی نییە!

مامۆستای ڕێزدار ئەگەر وتەیەکی تایبەتت هەیە بفەرموون گوێ بیسی دەبین

لە کۆتاییدا زۆر سپاس و پێزانین بۆ بەرپرسانی گۆڤاری" پەیامی ڕاستی " کە ئەم دەرفەتەی بە ئێمەدا لە پەروەرێنی بێهاوتا داوای لەشساغی و تەمەن دڕێژی و ژیانێکی پڕ لە خێر و خۆشی داواکارم بۆ سەرجەم ئەندامان و خۆشەویستانی ئەم گۆڤارە و بەختەوەر و ئاسوودە بن.